لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن فڕاکسیۆنی پارتی پێشانگای وێنەکانی بارزانی نەمر کرایەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، میوانێکی زۆر بانگھێشتی پێشانگاکە کراون.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: “لە لایەن فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشانگای وێنەکانی بارزانی نەمر لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرایەوە، میوانێکی زۆر تێدا بەشداری دەکەن”.
شوان کەلاری دەڵێ: “وێنەکان باس لە قۆناغەکانی خەباتی بارزانی دەکەن، لە ڕاستیدا بارزانی نەمر، تەنھا موڵکی پارتی و باشووری کوردستان نییە، پێویستە ڕێبازی بارزانی لەلایەن ھەموو تاکێکی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان و جیھان بکرێتە بنەمای خەباتی ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەدەستھێنانی ئازادی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی، ھەروەھا بارزانی جەنەڕاڵێکی گەورە بووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست”.
کەلاری، ئاماژە بەوەش دەکات: “بارزانی نەمر پاش ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی و ھاتنە سەر دەسەڵاتی ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم، گەڕایەوە وەک کەسایەتێکی گەورەی کوردستانی و عێراق پێشوازی لێکرا، ئەم پەرلەمانی عێراقە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەری ڕەنجی خەباتی ئازادی خوازانی عێراقە”.
وتیشی: “گرینگە ساڵانە پێشانگای وێنە و خەباتی بارزانی نەمر بکرێتەوەو لایەنەکانی نوێی عێراق ئاشنا ببن بە خەباتی بارزانی نەمر، کە ڕەمز و سمبولە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، بۆیە ساڵانە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشانگای وێنەکانی بارزانی نەمر دەکرێتەوە بە ئامادەبوونی فڕاکسیۆنەکان و میوانان”.