
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 40٪ـی کارەکانی شەقامەکە تەواو بووە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، بۆ تەواوکردنی قۆناخەکانی دیکەی رێگەکە داوایانکردووە بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت.
ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتریی سلێمانی) راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و باران و سەرمایەی سلێمانی گرتەوە، بۆ ماوەیەک کارکردن لە بەشێک لە رێگەکە راگیرا و ئێستا ئامادەکاریی بۆ دەستکردنەوە بە کارکردن دەکەن.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتیشی، بودجەی پڕۆژەکە زیاتر لە 400 ملیار دینارە و داوایان کردووە وەکو ساڵانی رابردوو بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ تەواوکردنی قۆناخەکانی دیکەی رێگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لە دروستكردنی رێگەیەكی خێرای 100 مەتری، درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە کە لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە دەمركان نزیك شارۆچكەی عەربەت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە