مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له پهیامێكدا پێشوازییهكی گهرمی له بڕیاری یهكێتی ئهوروپا كرد سهبارهت به لابردنی ناوی عێراق له لیستی وڵاتانی مهترسی سپیكردنهوهی پاره.
دهقی پهیامهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:-
پێشوازییەکی گەرم لە بڕیاری یەکێتی ئەوروپا دەکەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی زۆری سپیکردنەوەی پارەیان لە سەرە.
لەم ساڵانەی دواییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێکەوە کاریان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووکردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەکانی تاوان، لەنێویشیاندا ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا و ئاڵۆگۆڕ و کاروباری نایاسایی بە دراو.
چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەکانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەکرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بکەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەکی باشتر، چاودێری داهاتەکانمان بکەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سیستەمی بانکی جیهانی .
ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
بۆ ئێمە لە کوردستان، ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا هەنگاوێکی تایبەتییە، داعش هەوڵی دا و شکستی هێنا لە تێکدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لە سەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانین بۆ پەکخستن و ڕیشەکێشکردنی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەدارکردن لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی (گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەدارکردنی داعش).
ئێمە ئەم گۆڕانکارییانەمان لەپێناو باشترکردنی داهاتووی خۆمان ئەنجامداوە، چونکە ئەگەر ئێمە ئەم چاکسازییە ئابووری و خۆڕێکخستنەوەمان نەکردایە و ڕووبەڕووی کێشەی بازرگانی نایاسایی نەبووبوونایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانمان لە ئەوروپا هەماهەنگیی بکەین.
ئەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوکات لەگەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینکردنی ئایندەیەکی گەشی ئابووری بۆ نەوەکانمان.
من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێک لە هەنگاونانی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵکی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان