عەلی ئەنوەر، چالاكی سیاسی ،راگەیاند، كارەكانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە چوارچێوەی سیاسییەكی بازرگان كار دەكات و وا نیشانی دەدات كە خزمەت بە خەڵكی دەكات، بەڵام لە راستیدا خزمەت بە كایە سیاسییەكەی خۆی دەكا و دەیەوێ خەڵك چەواشە بكات.
هەروەها گوتی، شاسوار دەستی بۆ كایەی سیاسی برد و هەر لە سەرەتاوە شۆیەكی زۆر ناشرینی كرد بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی فرۆشتنی گرووپی كۆمپانیاكانی، كە ئەمەیش هەوڵێكی تری بوو بۆ چاوبەستكردنی خەڵكی كوردستان و فریودانی كۆی كۆمەڵگا، ئەگەر زیاتر بۆ دواوە بگەڕێینەوە دەبینین ئەم كەسە قین لەدڵە كاری لەسەر ئەوە كردووە رووی سیاسەت و حزبایەتی ناشرین بكات و وێنەیەكی ناشرین بۆ كوردستان بكێشێت.
ئەو چالاكە سیاسییە روونی كردەوە، ئەو هەڵوێست و پەیامانەی خۆی و جووڵانەوەكەی دەینوێنن، تەنیا چەند سەعاتێك بڕ دەكات، خەڵكی كوردستان هەر زوو لە ئامانجەكانی خۆی و جووڵانەوەكەی تێ دەگەن، كە تەنیا موزایەدەیەكی زۆر ناشرینە و بە هەڵوێست و كارەكانیان دەیانەوێ رووی سیاسەت و حزبایەتی و ئەم نیشتمانە ناشرین بكەن.