تیمەكانی غەواسی سەربە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر، گەڕانێكی فراوانیان لە سنووری هەولێر و بەستی دارەتوو دەست پێ كردووە بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵە 10 مانگەكە.
هاشم ڕۆستەم هاووڵاتیی دانیشتووی شارەدێی دارەتوو، ڕاگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە گەڕان بەدوای تەرمی دانەر نەبەز ئەو منداڵە تەمەن 10 مانگەی كەوتووەتە ناو ئاو، دەستی پێ كردووە و تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
تیمی غەواسی سەربە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر، لە بەستی دارەتوو و ناو گەڕەكەكانی ژین و رۆشنبیری و ژێر پردی 120 مەتری و گەڕەكی ژیان، ئەمڕۆ بەدوای تەرمەكە دەگەڕێن.
باس لەوەش كراوە، پرۆسەی گەڕانەكە بەردەوام دەبێت و تیمەكان لە دەیان كەس پێكهاتوون، ئێستە تەنیا تەرمی ئەو منداڵە 10 مانگە دیار نییە و نەدۆزراوەتەوە.