
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ برێت مەكگورگ ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا لە كۆشكی سپی، دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش دەتوانن پشتی پێ ببەستن، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی پێشكەش بە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد كە ئەم دوایییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەهید بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانی مەكگۆرگی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەمدا و دووپاتی كردەوە كە لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمریكا بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە پەیامێكی گرنگە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتییان لە هەولێر ئامادەیبوون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابووریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئەمریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كران.
هەردوولا هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی، هێشتا عێراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێز و لایەنە عێراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكوومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێك بهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیانی عێراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.