لە دوای ڕووداوی خنکانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئاوی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا لە ڕۆژی 24\11\2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی لە فەرەنسا ڕاسپارد، تاوەکو هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییانی ئەو ڕووداوە ئەنجامی بدەن.
لەو ماوەیەدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، تەواوی ئەو کارانەیان ئەنجام دا کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان بە تایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواویان هەبوو لهگهڵ وهزارهتی داد و وهزارهتی ناوخۆ و پۆلیسی فهڕهنسا و تیمی لێكۆڵینهوه لهسهر ڕووداوهكه.
بڕیاریش وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکوومەتی فەڕەنسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانییانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان.
پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە لیست و ژمارەی ئەو قوربانییانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا بڵاو کرایەوە، بە هیچ شێوەیەک فهرمی نییه و دهزگا فهرمییهكانی فهڕهنسا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە و لە دوای تهواوبوونی لێكۆڵینهوهكانیش لە چەند ڕۆژی داھاتوو بهشێوهیهكی فهرمی ناسنامهی قوربانییان ڕادهگهیێندرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی قوربانیانییەکان، دڵنیاییان دەداتێ کە ئەوەی پێویست بێت بۆ گەڕاندەوەی تەرمی قوربانییەکان دەیکات و لەسەر ئەرکی خۆی ئەو تەرمانە دەگەرێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.