سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی دامەزراوەی دانیێل میتران كرد و باسی لە هەڵوێستی دۆستانە و پشتیوانیی خاتوو دانیێل میتران و فرانسوا میترانی کرد کە لە ڕۆژانی سەختدا پشتیوانییان لە گەلی کوردستان کردووە.
ئهمڕۆ سێشهممه 7/12/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جیلبێرت میتران، کوڕی دۆستی دێرینی گەلی کوردستان خاتوو دانیێل میتران و سەرۆکی دامەزراوەی (دانیێل میتران – فرانس لیبرتێ) کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئێریک شۆڤالیێ، باڵوێزی فەڕەنسا لە عێراق ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان، بە ڕێز و پێزانینەوە، باسی لە هەڵوێستی دۆستانە و پشتیوانیی خاتوو دانیێل میتران و فرانسوا میترانی کرد کە لە ڕۆژانی سەختدا پشتیوانییان لە گەلی کوردستان کردووە، بۆیە هەمیشە کردەوە و هەڵوێستە مێژووییەکانیان لە یادی گەلی کوردستان بە زیندوویی دەمێننەوە.
سەرۆکی دامەزراوەی (دانیێل میتران – فرانس لیبرتێ)، ئاماژەی بەوە دا کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، جێی هیوا و ئومێدە و ئامادەیی خۆیشی بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان، لە نێوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهاندا دووپات کردەوە.