كۆمەڵێ بازرگانی قاچاخچی بۆ كۆكردنەوەی پارەیەكی زۆر دەستیان كردووە بە خەڵەتاندنی خەڵكی ئەم وڵاتە و لە ڕێگەی نایاساییەوە ڕێگای مەرگ بۆ هاوڵاتیان هەڵدەبژێرن تاكو بیان گەیەننە ئەوروپا،لە كاتی مەترسیداردا بەجێیان دەهێڵن و چەندین كەس لەو ڕێگا مەترسیدارانە گیانیان لە دەست داوە.
هێمن حەمە سەعید چاودێری سیاسی ڕاگەیاند، “کۆچکردن دەتوانین بە شتێکی ئاسایی وەربگرین، وڵاتانی ئەوروپا لەبەرچاوی هاووڵاتییانی ئێمە بوونەتە بەهەشت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە، هەر کەس لە هەر شوێنێک بژیت پێویستە کار بکات، ڕەنگە لەروی ژیانەکەوە جیاوازی هەبێت، لە ئەوروپایش ناکرێت هەر لەسەر حکوومەت بژی، پێویستە کار بکەی، دواتر مافی مانەوە و ڕەگەزنامە ئەمانە دەبنە گرفتی گەورە بۆ کۆچبەران.”
باسی لەوەکرد، “ئەمەی هاووڵاتییان گرتوویانەتە بەر کۆچکردنە بە ڕێی قاچاخ و کەسانێک لەسەر کۆچبەران خۆیان کردووە بە بازرگان و بازرگانی بەسەر خەڵکەوە دەکەن و پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگیرێت، لە کاتێکدا هاووڵاتی ئێمە بەهۆی بوونی زۆرترین کونسوڵگه و باڵیۆزخانە لە هەرێم دەتوانن بەشێوەی یاسایی داوای ڤیزا بکەن و پارەیەکی ڕەمزی تێدەچێت و بابەتەکەیش نایاسایی نییە و بە ڕێی ئاسمانی دەتوانی گەشت بکەی و بەشێوەی یاسایی داوای مافی مانەوە بکرێت.”