ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەدار و توێژهری بواری ئیسلامیی سیاسی، لە چوارەمین ساڵڤەگەڕی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی باشوور، چەند پرسێکی پێوەند بە هەرێمی کوردستان باس دەکات و دەربارەی ریفراندۆمیش رایدەگەیەنێ، ریفراندۆم ئەزموونێکە بۆ گەلی کورد و سەربەخۆیی.
ئەبوبەکر کاروانی: ڕیفراندۆم، پرسێکە لەپشتمانەوە، ئەزموونێکی گەلی ئێمەیە، ریفراندۆم پیشاندانی ئاراستەی سەربەخۆخوازی و ئاشتیخوازانەی گەلی باشووری كوردستان بوو، دەبێ ڕێزی لێ بگرین و بۆ داھاتووش ئیلھامی لێ وەربگرین، لە ھەمان کاتدا، پەندیشی لێ وەربگرین و بە چاوی ڕەخنەگرانە لەپێناو خودی ئامانجەکەی پشتی بیخوێنینەوە، چونکە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە بەو جۆرەی باسمان کرد، نەك پێچەوانەی ڕێزلێگرتنی نییە، بەڵکوو ڕووێکی گرنگی پێکدەھێنێت.
ئەبوبەکر کاروانی: ئەستەم نییە، ڕاستە لە چوارچێوەی دۆخی نێوخۆیی و عێراقی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا ئێستادا قورس دێتە پێش چاو، بەڵام ڕووداو و قەدەری مێژووکرد ھەن، خەونەکانی ئەمڕۆ دەکەن بە واقیعی سبەی. دوای ئەنفال و كیمیاباران و ئەو دۆخەی بەسەر شۆڕشدا هات، کێ بەخەیاڵیدا دەھات تەنیا دوای سێ ساڵ، واقیعی دیفاکتۆی ھەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە؟ بەڵام دەبێت ھەر لە ئێستاوە ناوخۆی کوردستان بە جۆرێ بینا بکرێتەوە، کۆتایی بە واقیعی دابەشبوون بە ھەموو ڕواڵەتەکانیەوە بھێنرێت، شەڕی دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی ببەینەوە و ھەرێمێکی یەکگرتووی بەھێز بنیات بنێین، بۆ ئەوەی توانای قۆستنەوەی دەرفەتە مێژووییەکانمان بەو ئاقارەدا ھەبێت.
ئەبوبەکر کاروانی: ڕیفراندۆم ڕێکارە و سەربەخۆیی ئامانجەکەیە. مافی سەربەخۆییش بۆ کورد وەك چوارەمین نەتەوەی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و گەلی کوردستانی باشوور، لەسایەی دابەشبوونی جیھان بەسەر دەوڵەت- نەتەوەکاندا، بە یەکێ لە چەسپاوەکانی بیرکردنەوەی سیاسی و ئەخلاقیی خۆمی دەزانم. ئەوەی لەم ڕووەشەوە بۆ من گرنگە، شادبوونی نەتەوەکەمە بە مافی چارەنووس، کە مافی سەربەخۆیی و مانەوە و یەکگرتنی ئارەزومەندانە لەخۆ دەگرێت، کورد و گەلی کوردستان ئیرادەی زەوت نەکرێت، ئەوکاتە ھەر بڕیارێکی دا پشتیوانیی لێ دەکەم و ڕێزی لێ دەگرم، بەڵام لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا دەنگم ھەر بۆ سەربەخۆیی دەبێت، بە حوکمی ئەوەی، چارەسەری ڕیشەیی کێشەی کوردستان دەکات، لە قازانج و بەرژەوەندی و پێشکەوتنی تێکڕای گەلانی ناوچەکەشە.