
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری مەخموور سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بارەگاکانی خۆیەتی و بڕیارە پێش هەڵبژاردن بە شکۆوە بگەڕێتەوە و بە گەڕانەوەی پارتی، ئەمن و ئاسایش لەو ناوچانە پەیدا دەبێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، ڕایگەیاند: ”بارەگاکانی خۆمان وەرگرتووەتەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین و کە تەواو بوون بە شکۆوە دەگەڕێینەوە، دوو بارەگامان لە مەخموور و سەرگەڕانن، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تێک درابوون، بۆیە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بگەڕێینەوە.”
کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: “بە گەرەنتی و سەربەرزییەوە دەگەڕێینەوە و پارێزراویش دەبین و لە کاتی گەڕانەوەش هێزی خۆمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان، بەڵام کاندیدەکان دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە کادیر و ئەندامانی ئێمە لەوێن و تەنها بەشێک نەبێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە لەگەڵ تەواوبوونی بارەگاکان.”
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ”بارەگای پارتی لە هەرکوێ بیت ئەمن و ئاسایش لەوێ پەیدا دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە، چونکە خەڵک گەڕانەوەی کورد بۆ ئەو ناوچانە بە گەڕانەوەی پارتی تێ دەگەن، دەزانن بوونی پارتی ئەمن و ئاسایشی لێ دەکەوێتەوە.”
گوتیشی: ”گوندەکانی قەراج و دەوروبەری 90% ئاوارە بوون، بۆیە بە گەڕانەوەی بارەگای پارتی و دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش، ئەو ناوچانە پارێزراوتر دەبن و خەڵکیشیان بۆ دەگەڕێتەوە.”