
ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ڕای گەیاند كە ئەمڕۆ لە سایتی تۆڕی میدیای ڕووداودا هەواڵێک لەبارەی بە کرێدانی هەندێ نەمامگەی حکومی بڵاوکراوەتەوە کە ئاوێتەی چەواشەکاری کراوە و دەستەواژەی نابەجێ و ناپرۆفیشنالانەیان تێدا بەکارهێناوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە “ئەم هەواڵە کە گوایە لەبارەی لێدوانی حیزبێک دارێژراوە هەر لە مانشێتەکەیەوە بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی رای گشتی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم سازکراوە و لە ناونیشانی هەواڵەکەدا بەکرێدانی نەمامگە بە خیانەتی نیشتیمانی پێناسەکراوە. هەم بۆ ئەو کەناڵە، و هەم بۆ ئەو حیزبە روونی دەکەینەوە کە بەکارهێنان و بە کرێدانی موڵکی میری زۆر باو و یاساییە و لە بەرامبەردا بەکارهێنانی دەستەواژەی خیانەتی نیشتیمانی تۆمەتێکی قورسە و پێویستە ئامەدەبن بەرپرسیاریەتی ئەم تۆمەتهەڵبەستنانە هەڵگرن”.
هەروەها دەڵێ “حکوومەت بەردەوام دەبێت لە چاکسازی و رێگری کردن لە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو هەموو موڵک و ماڵە گشتیەی بە هەدەر دراون. بێگومان کەسانێک بە پڕۆسەی چاکسازی سەغلەتن و هەوڵی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە دەدەن، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە لە بەرامبەر ئیرادەی چاکسازیدا مایەپوچ دەردەچن”.