
ئەو پزیشکەی بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە دەستگیر کرابوو، رایدەگەیەنێت، نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەکان لە گەندەڵییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە ئاگادار دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 6-6-2021، دکتۆر باخان ئازاد، پزیشک لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە بەهۆی هەڕەشەکردن بە کوشتن لێی، سلێمانی بەجێ هێشت و رووی لە هەولێر کرد.
باخان ئازاد، کە بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیر کرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە 7-6-2021، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، پرێس کۆنفرانسێکی ساز کرد.
ئەو پزیشکە باسی لەوە کرد، کە ئاسایشی سلێمانی بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی.
باخان ئازاد رایگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە گەندەڵییەکان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی ئەو هاوکارییەی بۆ کەسوکار و بریندارانی چەکی کیمیاوی دەنێردرێتە، ناگاتە خەڵکە پێویستەکە.