
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕاى دهگهیهنێت، ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرز بووەتەوە و لە باری مەترسیداین.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە كهناڵى (كوردستان24)ی ڕاگەیاند: “ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرز بووەتەوە و لە باری مەترسیداین، دەبێ ڕێكارەكان توندوتۆڵتر بكرێن، ههروهها دەبێ جێبەجێكردنی ڕێنوێنی و ڕێكارەكان لە ماوەی ڕابردوودا جیاوازتر بن”.
ئهوهشى خسته ڕوو: “سبەی سێشەممە 30/3/2021، وەك لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆ دەبینەوە، ڕاسپاردە و پێشنازەكانمان دەبەینە ناو كۆبوونەوە، ئومێد دەكەین ڕێكارەكان توندتر بكرێن، لە ئێستاشەوە ھەندێك لە پارێزگارەكان دەستیان پێكردووە و لە كۆبوونەوەی ژوورەكانی ئۆپەراسیۆن بڕیاری نوێیان داوە”.
سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی ھاتووچۆ، وەزیری تەندروستی باسى لهوه كرد: “لە سەرەتادا ڕێكارەكان توندتر دەكرێن، پێش ئەوەی بگەینە قەدەغەی ھاتوچۆ ڕێكاری دیكە ھەن، دەمانەوێ ڕێكارەكان كاریگەرییان لەسەر كار و گوزەرانی خەڵك نەبێت، ئومێد دەكەین ھاووڵاتییان پابەند و پاڵپشت بن، لە ھەر دۆخێكیشدا بڕیاری پێویست بە ڕەوشەكە دەدەین”.
ئەمڕۆ ھەڵمەتێكی دیكەی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەولێر دەستی پێكرد، لەوبارەوە د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر ڕاى گهیاند: “ئێستا 15 ھەزار و 800 ژەم ڤاكسینی كۆرۆنا (ئهسترازێنیكا)مان لەبەردەستە و بەسەر 46 بنكە دابەش كراون، لە سەرەتادا لەو پزیشك و كارمەندانە دەدرێت كە پێشتر وەریاننەگرتووە، ئێستا ھاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی لینكی ئۆنڵاینی وەزارەتی تەندروستی خۆیان ناونووس بكەن بۆ وهرگرتنى ڤاكسین، لە سەرەتادا ئەولەویەت بە ھێزەكانی ناوخۆ و كەسانی بەتەمەن و ئەوانە دەدرێت، كە نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە”.
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر جەختی لهوهش كردەوە: “دۆخەكە زۆر مەترسیدارە و ئێستا رێژەی تووشبوون لە سەرووی 10%یە، ئەمەش بەراورد بە ماوەی پێشتر شەش ھێندە زیادی كردووە و لە بەشی چاودێریی چڕ خەریكە ھەموو قەرەوێڵەكان پڕ دەبن”.
رۆژی 25/3/2021 كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (ئەسترازێنیكا) گەیشتە ھەرێمی كوردستان، كە زیاتر لە 43 ھەزار ڤاكسینە و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكاندا دابەش كران.