
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دا و گوتی: تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات. بریکاری وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانی راگەیاند “پێشبینی دەکەین پشووی قوتابخانەکان تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو درێژبکرێتەوە.”
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند “لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی پشووەکانی جەژنی نەورۆزەوە قەرەباڵخی و بەریەککەوتنی زۆر لەنێو هاونیشتمانیاندا هەبووە و خۆپارێزیش کەمبووە، ژمارەی تووشبووانیش زیادیکردووە.”
بریکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پشووی قوتابخانەکان درێژبکرێتەوە و دەشڵێت “هەرچەند ئەوە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەسەر دەدات، کە پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆببێتەوە.”
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە درێژکردنەوەی پشووی قوتابخانەکان راگەیاند “هێشتا زووە باسی داخستن یا درێژکردنەوەی پشووی قوتابخانەکان بکرێت، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین و ئەوکات بڕیاری پێویست دەدەن.“
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە