نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان

مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتەكان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.

هەروەها ‎لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی کرا و هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم.

‎سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ ‎دەسەڵاتی فیدراڵییش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات.

‎لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خەسرۆ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئابووری خستەڕوو.

بڕیارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتەڕوو.

بەپەلە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، چووتسایدی گۆمەسپان – سماقوڵی کردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی كردەوە.لە گوتارێكدا كە لە …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *