
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد و پێیراگەیاند كە بە داخەوە بابەتی مووچە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان، داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان كرد ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێ لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بە پێی دەستوور.
لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق نەهێشتووەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور.
گوتیشی بە داخەوە بابەتی مووچە، کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان، کە لەمساڵدا بەغدا تەنیا بەشە مووچەی شەش مانگی ناردووە، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال کرایەوە، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ دەڤەرەکە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان داواشی کرد ڕێککەوتننامەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، نەک تەنیا ئەنجامدانی هەندێک ڕێکاری ڕووکەش.