
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێیوایە “ئەو سازشەی ئێستا بۆ بەغدای دەكەین”، ئەگەر هێزە سیاسییەكانی کوردستان لەنێو خۆیاندا بۆ یەکدی بكەن باشترە. لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەشیدا دەڵێت “دەبێت كاركردن بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بێت.
محەممەد حاجی مەحموود،لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پەیوەندیی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد. کاکە حەمە لەگەڵ ئەو بۆچوونە نییە، کە هەموو ئاراستەی كاركردنی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بێت. دەڵێت “ئەو سازشەی ئێستا بۆ بەغدا دەكرێت، حیزبەكان بۆ یەكدی بكەن زۆر باشترە و ئەنجامیشی باشتر دەبێت”.
محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێت “داهاتی كوردستان چەندبێت هەمووی كۆبكرێتەوەو بە شەفافی بخرێتە بەردەم میللەت و دابەشبكرێت لەوە باشترە بڕۆین سازش بۆ بەغدا بكەین”. دەشڵێت “من ناڵێم با شاند نەچێتە بەغدا، چونكە رێككەوتن لەهیچ كاتێكدا خراپ نییە، بەڵام چارەسەری ریشەیی كورد لە بەغدا نییە، كورد كاتێك دەتوانێ لەگەڵ بەغدا رێکبكەوێت كە لێیجیابێتەوە”.
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت بە یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان دەتوانن دەستكەوتەكان و قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزن: “پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، نە بۆ كەس هەیە موزایەدەی پێوە بكات، نە دەبێت كەسیش مامەڵەی لەسەر بكات”.