
ساڵانە و لە بەرواری 25ی تەمووز بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنگرانی ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەکەیان دەکەنەوە، ئێستا بارودۆخی بزووتنەوەی گۆڕان لە رووی کاری سیاسیی و رێکخراوەیەوە جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا جەخت لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکاتەوەو دەیەوێت ئەو یادەش بکاتە وێستگەی خۆ نوێکردنەوەی.
لە 25/7/2009، کاتێک ھەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو بزووتنەوەیەکی نوێ خۆی راگەیاند و وەکو ھێزی نوێ لە ھەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم بەشداری ھەڵبژاردندا 25 کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستھێنا، لەو کاتەوە ساڵانە ئەو بەروارە وەکو ساڵیادی دامەزراندنی گۆڕان سەیر دەکرێت، بارودۆخی ئێستای ئەو بزووتنەوەیە جیاوازە لە ساڵی 2009، چونکە گۆڕان لە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم بەشدارە، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەڵێت “دروستبوونی گۆڕان بۆ دژایەتی گەندەڵی بوو”، بۆ بارودۆخی ئێستاش سورن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ زوو جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕان جیاوازە لە بەشێک لە ھێزەکانی دیکە، گۆڕان لە پلانیدا بوو ئەمساڵ ھەڵبژادنی نێوخۆیی و کۆنفڕانسی نیشتیمانی ببەستێت، بەڵام دواکەوت، ئەندامێکی خانەی راپەڕاندن دەڵێت رازیبوونی دەنگدەرانیان بەندە بە ئەدای کاری نوێنەرەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان.
لە سەرەتای دامەزراندنی گۆڕانەوە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بوو، بەڵام پاش کۆچی دوایی ئەو بە دەنگی زۆرینەی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی لە ساڵی 2017 عومەر سەید عەلی وەکو رێکخەری گشتی گۆڕان ھەڵبژێرا، پاشان لە 14/9/2029 عومەر سەید عەلی جارێکیتر بۆ پۆستی رێکخەری گشتی خۆی ھەڵبژاردەوەو توانی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ خۆی بە دەست بھێنێتەوە.