ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕەخنە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە مەفرەزەكانی ئەو حزبە لە شوێنە ئاوەدانەكانەوە هاتوچۆ دەكەن.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “ماوەیەکە سوپای تورکیا بە شێوەیەک توند ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، بەڵام گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕەچاوی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ناکەن، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە مەفرەزەی پارتیزانییان ھەیە و بەداخەوە بیر لە ژیانی خەڵکی ناکەنەوە.
باسیشی لەوە كرد كە هێزەكانی پەكەكە ”لە ناوچەكانی سلێمانی و شوێنەكانی دیكە بارەگای خۆیان هەیە، بەڵام سوپای توركیا دوای ئۆتۆمبێلی گەریلاكانی پەكەكە دەكەوێت، كاتێك دەڕۆنە شوێنە ئاوەدانەكان، سوپای توركیا دەیانكاتە ئامانج و دەیانپێكێت.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی داوا لە پەكەكە دەكات، ”بە شێوەیەكی ژیرانەتر مامەڵە بكەن، چونكە ئەمڕۆ جیھانی تەکنەلۆژیا زۆر فراوانە و ”دەزگای ھەواڵگریی تورکیا دەزگایەکی زۆر بەھێزە، پێویستە (پەکەکە) بە شێوەیەکی ئاقڵانە مامەڵە بکەن و شێوازی جموجوڵەکانی خۆیان بگۆڕن.