
سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەھیدان لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو هیچ قوربانییەکی بۆ دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەداوە، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لێژنەی شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، سۆران عومەر بە داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی شکاندووە.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەمانتاران، دەبێ سوێندی یاسایی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، بخۆن.
سەوسەن میرخان هەروەها رایگەیاند، سۆران عومەر خۆی هیچ قوربانییەکی بۆ دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەداوە و پێوەی ماندوو نەبووە، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
سەرۆکی لێژنەی شەھیدان داوا لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات پێناسەیەک بۆ ئاسایشی نیشتمانی دابنێن، بۆ ئەوەی چیتر ”ئەو دەنگە ناشازانە“ نەتوانن بەناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانەوە بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن.