
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی باڵوێز تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا، كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 16/6/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی باڵوێز تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا، كرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە جۆشوا هاریس، هەڵسوورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە، جەختیشی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
باڵوێز تۆم باراك، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا، عێراق، هەرێمی کوردستان، چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتییعەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردەوە، لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە