
ئەمڕۆ سێشەممە 24/2/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – گۆمەسپانی كردەوە و لە وتارێكدا گوتی: پێش هەموو شتێك شكور بۆ خوا كە دەرفەتی پێداین بتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پێشكەشی خەڵكی هەموو كوردستان بكەین، بە تایبەتی خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا: ئەمە پرۆژەیەكی گەورەیە كە دەتوانێت خزمەتی هاتوچۆی هاووڵاتیان بكات، لە هەمان كاتدا بابەتی سەلامەتیی هاووڵاتیانیش لەبەرچاو گیراوە و بێگومان هاووڵاتی پارێزراوتر دەبێت.
دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا
پێش هەموو شتێك شكور بۆ خوا كە دەرفەتی پێداین بتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پێشكەشی خەڵكی هەموو كوردستان بكەین، بە تایبەتی خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری.
من سوپاسێكی بێپایانی هێمن گرووپ دەكەم كە وەك هەمیشە لە كاتێكی پێوانەیی، بە شێوازێكی زۆر جوان و ستانداردێكی نێودەوڵەتی، توانییان ئەم پرۆژە گەورەیە جێبەجێ بكەن و بیخەنە خزمەتی خەڵكی كوردستان.
لێرەدا بە تایبەت دەمەوێ دەستخۆشی لە ئەندازیاری بەتوانا كاك ئەمیر و هەموو فەرمانبەر و ئەندازیار و ئەو كەسانەش بكەم كە كاریان تێدا كردووە، دەستخۆشی لە هەمووتان دەكەم، ماندوو نەبن، زۆر زەحمەتتان كێشەوە.
ئێمە زۆر دڵخۆشین و سەربەرزین كە لە هەرێمی كوردستان ئێمە ئێستا كۆمپانیای وامان هەیە كە بتوانن پرۆژەی وا گەورە بەو ئاستە بەرزە دروست بكەن، ئینشائەڵا نموونەتان زۆر بێت.
سوپاسی جەنابی وەزیر، جەنابی پارێزگار و هەموو ئەو بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارانە دەكەم كە زەحمەتیان كێشا و بەشدار بوون لە بەجێگەیاندن و تەواوكردنی ئەم پرۆژە گەورەیە.
ئەمە پرۆژەیەكی گەورەیە كە دەتوانێت خزمەتی هاتوچۆی هاووڵاتیان بكات، لە هەمان كاتدا بابەتی سەلامەتیی هاووڵاتیانیش لەبەرچاو گیراوە و بێگومان هاووڵاتی پارێزراوتر دەبێت.
هەموومان بەم ڕێگەیەدا هاتوچۆمان كردووە، من بیرمە زۆرجار دەهاتین لێرە سەردانی هەولێرمان دەكرد یان بەم ڕێگەیەدا دەگەڕاینەوە، بەڕاستی جێگەی مەترسی بوو. بەڵام ئێستا بەم شێوازە كە ئەم ڕێگەیە دروست كراوە، هەم هاووڵاتیان دەتوانن بە كاتێكی كەمتر سەردانی ناوچە دڵخوازەكانی خۆیان بكەن، هەم خەڵكی دەوروبەری هەولێر دەتوانن بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانیان سەردانی هەولێر بكەن.
ئەمە ئاسانكاریش دەكات بۆ بەیەكەوەبەستنەوەی شار و شارۆچكەكان، لە نێوان هەموو شارەكانی كوردستان، لەم كاتەدا بە تایبەتی ئێرە كە هەولێر بە گۆمەسپان و دۆڵی سماقوولی و رێگەی كۆیە و سلێمانی دەبەستێتەوە، لە لایەكی تریشەوە دیسان ئەمە بەردەوام دەبێت بۆ گەڕانەوە بە ڕێگەی بەستۆڕە و جارێكی تر بۆ هەولێر.
شوێنی گەشتیاریی زۆر لەم دەڤەرە هەیە، هەندێكی دەستی پێكراوە و بوونەتە شوێنی گەشتیاری، بە تایبەتی بەنداوی گۆمەسپان كە ئێستا دروست كراوە، پێشتریش رێگەیەكی هاوشێوەی ئەمە لە دەوری بەنداوەكە هەیە. ئەمە ئاسانكاریی زۆر دەكات بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەولێر، ئینشائەڵا لەم وەرزەدا وەرزی هاتنی بەهار، هیوادارین وەرزێكی خۆش بێت، تەمەننا دەكەم ئاووهەواكەی خۆش بێت چونكە بارانێكی باشمان بۆ باریوە، خەڵك بتوانن چێژ لەم سروشتە جوانەی كوردستان وەربگرن.
داواكاریی من لە خەڵك ئەوەیە كە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاووڵاتیانی تر، خێرا ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن، هیوادارین هەمووتان سەربەرز بن، ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بكەین. جارێكی تر پیرۆزە لە هەمووتان، دەستخۆش.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە