
ئەمڕۆ لەکاتی سەردانەکەیدا، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، نامەیەكی مەلا مستەفا بارزانیی نەمری پێشكەشی سەرۆک مەسعود بارزانی كرد، كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول لە لایەن بارزانیی نەمرەوە بۆ جەنەڕاڵ دیگۆل، سەرۆكی ئەوکاتەی فەرەنسا نێردرابوو و لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هەڵگیراوە.
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نامەیەکی مەلا مستەفا بارزانی كە لە ساڵی 1967 بۆ ژەنەراڵ دیگۆل، سەرۆكی فەرەنسای ناردبوو، پێشکێشی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات
نامەکە لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هەڵگیرابوو. لە بەشێکی نامەکەدا مەلا مستەفا بارزانی بۆ ژەنەراڵ دیگۆلی نووسیوە: “بزانە تۆ بۆ ئێمە، کە گەلێکی بوون لێ زەوتکراو و هەڕەشەلێکراوین و قوربانیی جەنگێکی درێژ و دڵڕەقین، تەنیا لایەنی نێودەوڵەتیت کە دەتوانیت بنەماکانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەمان بۆ دابین بکەیت.”
ده‌قی نامه‌كه:
جه‌نه‌ڕاڵ..
بواری پیره پیاوێكی وه‌كو من بده، تاوەکو ئه‌م داواكارییه گرنگه‌تان بۆ رەوانه بكات، پیره پیاوێك، كه له سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه، بۆ ئازادی و پاراستنی روومەتی گه‌له‌كه‌ی خه‌بات ده‌كات. ئێوه گه‌وره‌ترین خه‌باتگێڕی راپەڕینن له ئه‌ورووپا، ئێوه‌ن كه وڵاته‌كه‌ی خۆتان به‌ره‌و سه‌رفرازی برد، ناتوانن كه هاوهه‌ستیی گه‌لی كوردی شاخنشین نه‌بن كه ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رەبهقه له باكووری عێراق، له خه‌باتی بێوچاندایه، له‌وه‌ش زیاتر، ئێوه سه‌رۆكی فه‌ره‌نسان، سه‌رۆكی ئه‌و نه‌ته‌وه به‌رز و باڵایه‌ن كه پره‌نسیپی ئازادییه سیاسییه‌كان و بنەمای مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانى پێشكه‌شی دنیا كرد، له‌وه‌ش زیاتر ئێوه (جه‌نه‌ڕاڵ دیگۆل)ی رزگاركه‌ری سه‌رجه‌م وڵاته بێگانه فه‌ڕه‌نسی زمانه‌كانن، دووژمنی سه‌رسه‌ختی هه‌موو واتایه‌كی چه‌وساندنه‌وه و دۆستی راسته‌قینه‌ی هه‌موو كه‌سێكی ئازادیخوازە.
جه‌نه‌ڕاڵ.. ئێوه سوور بوون له‌سه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر شه‌ڕی (ڤێتنام)، من بێ گومانم كه له‌لای ئێوه‌دا مه‌سه‌له‌ی گه‌لی كورد له پرسی ڤێتنامییه‌كان كه‌متر نییه.
ئێمه له‌م شه‌ڕ و خه‌باته‌ی پاراستنی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، به‌ته‌واوی تاك و ته‌نیاین، رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئێمه‌ی پشتگوێخستووه، هه‌روه‌ها چه‌ندین زلهێزیش له یارمه‌تیدانی عێراق، به نوێترین چه‌كی وێرانكار، پێشبڕكێی یەکدی ده‌كه‌ن، بۆیه دوا لایه‌نێك مابێته‌وه كه ئێمه چاوه‌ڕوانی ئومێدی لێ بكه‌ین، ته‌نیا (دیگۆل)ی فه‌ره‌نسایه.
ئه‌مڕۆ، كه عێراقییه‌كان داوای چه‌ك له فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن، ئێمه لامان وایه به‌بێ چاره‌سه‌ركردنێكی بنچینەیی كێشه‌ی كورد، هه‌ر چه‌ك ناردنێك بۆ عێراق، ته‌نیا ده‌بێته هۆی كاولكردنی وڵاتمان و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی ئافره‌ت و منداڵانمان. قورئانی پیرۆز ده‌ڵێ: (بۆ هه‌موو مرۆڤێك له ئاسماندا به‌هه‌شتێكی بچووك هه‌یه، كه له كاتی نوێژدا ده‌توانێت رووی تێ بكات). ئێوه و فه‌ره‌نسا به‌هه‌شتی ئاسمانی ئێمه‌ن.
مسته‌فا بارزانى
عێراق، كوردستان 8ی شوباتی 1968
بارزانی نەمر [لای راست] و جەنەڕاڵ دیگۆل.
دیگۆل كێیه؟
سه‌ركرده‌ی دیار و ناسراوی ئه‌ورووپا، (چارل دیگۆل) سیاسه‌تمه‌دار و جه‌نگاوه‌ر و سه‌رۆكی ناوداری مێژوویی فه‌ره‌نسایه، له ساڵی 1890 له شاری (لیل) له فه‌ره‌نسا هاتووه‌ته دنیاوه، ئه‌م سه‌ركرده بوێره‌ی فه‌ره‌نسا، رۆڵی به‌رچاوی گێڕاوه له ئازادكردنی فه‌رەنسا و سه‌ربه‌خۆبوونی، به‌و هۆیه‌شه‌وه، زۆر پله و پایه‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه.
لەو پۆستانەی هەیبووە، وەکو فه‌رماندارێتیی به‌رگریی نیشتمانی كردووه له ساڵی 1940 دژی ئه‌ڵمانیای نازی له جه‌نگی دووه‌مى جیهان، دواتر له 18ی كانوونی دووه‌می 1943 له له‌نده‌نه‌وه سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی فه‌ره‌نسای ئازادی كردووه، هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ی فه‌ڕه‌نسی بۆ رزگاریی نیشتمانی كردووه كه دواتر بوو به حكومه‌تی كاتیی كۆماری فه‌ره‌نسا له حوزه‌یرانی 1944، جه‌نه‌ڕاڵ دیگۆل یه‌كه‌م سه‌رۆكی كۆماری پێنجه‌می فه‌ره‌نسا بوو. له ساڵی 1970 له باکووری فەرەنسا كۆچی دواییكرد.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە