
ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كەمكردنەوەی %21 مووچە تەنیا بۆ ئەم مانگە دەبێت و بۆ مانگەكانی داهاتوو یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە کە کاریگەریی لە دابەشکردنی مووچەش دەبێت.
لیزا فەلەكەدین ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لەبارەی كۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران كە تایبەت بوو بە پرسی پێدانی مووچەی ئەم مانگە، دەڵێ: چەندان تەوەر و پێشنیار گەڵاڵە كراون، سەرۆك وەزیران پێداگرییەكی زۆری لەسەر ئەوە كردووە كە ناكرێت مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەیەكی بەرچاو كەم بكرێتەوە، لەپێناو ئەمەش تاكە كەسی ناو كۆبوونەوەكە بووە كە ئامادەیی دەربڕیوە بڕی 100 ملیۆن دۆلار وەك قەرز وەربگیرێت.
باسی لەوەش كردووە، پێداگیری لەوە كردووە دابەشكردنی مووچە لەوە زیاتر دوا نەكەوێت و دواجار ئەو پێشنیارانەی سەرۆك وەزیران بووە بە كلیلی چارەسەری تەواوی خاڵ و بنبەستەكانی كۆبوونەوەكە، بەوەی هەموو نوێنەری تەواوی لایەنەكان پێكهاتن لەسەر ئەوەی كە بڕی %21 لە مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەكان كەم بكرێتەوە جگە لەو مووچانەی كە كەمترن لە 300 هەزار دینار و شایستە داراییەكانی شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت.
ڕوونی كردووەتەوە، مووچەی وەزیفە باڵاكان و پلەتایبەتەكان %50 كەم بكرێنەوە، هەروەها كەمكردنەوەی %21 مووچە تەنیا بۆ ئەم مانگە دەبێت و بۆ مانگەكانی داهاتوو یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە دڵنیابن كاریگەری زۆی دەبێت لە نەهێشتنی نادادپەروەری و كەمكردنەوەی خەرجی و زیاتركردنی داهات.
بەهۆی بڕینی بودحە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا هۆكارێك بوون بۆ دروستبوونی تەنگەژەی دارایی.