
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی د. محەممەد ئەلحەسسان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و کاریگەرەی لە ماوەی کارکردنیدا گێڕاویەتی. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارێکی گرنگی پرۆسەی سیاسی بووە و هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
لە لایەن خۆیەوە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، خۆشحاڵی خۆی بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی بۆ ئاستی بەرزی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە پاڵپشتییەکانی حکوومەت فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ سەرکەوتنی کار و چالاکییەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، مەسروور بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ د. محەممەد ئەلحەسسان خواست لە ئەرکە نوێیەکانیدا و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە