
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوونی ڕێژەی (%50) لەو قەرزانەی لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەڵەکە بوون، بە مەرجێک لە ماوەی یەک مانگدا نیوەکەی دیکەی قەرزەکە بۆ گەنجینەی حکوومەت بگێڕنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییەی ڕووی لە میدیاکان کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێکلامی بازرگانی و گۆڕینی ئاراستەی ڕێکلام بۆ سۆشیاڵ میدیا، ئەنجوومەنی وەزیران داواکارییەکەی پەسەند کردووە.
شێروان عەوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە کۆی 302 کەناڵی تۆمارکراو (بینراو و بیستراو)، 226 کەناڵیان قەرزی حکوومەتیان لەسەرە.”
ئاماری قەرزاری کەناڵەکان بەم شێوەیەیە:
لە کۆی 176 ڕادیۆ، 132ـیان قەرزارن.
لە کۆی 126 تەلەڤیزیۆن، 94ـیان قەرزارن.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن هۆشداریشی دا کە پێویستە کەناڵەکان لە ماوەی “یەک مانگ”دا نیوەی قەرزەکەیان بدەنەوە بۆ ئەوەی لێخۆشبوونەکە بیانہگرێتەوە، بەپێچەوانەوە دواتر سزای دواکەوتن (غەرامە) دەچێتە سەر قەرزەکانیان.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە