نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن

مەسرور بارزانی: زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ـەوە مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن. مەسرور بارزانی ئاشکراشی کرد، پڕۆژەکە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی خاوەن هەژماری بانکی لە کوردستاندا لە 5%ـەوە بۆ زیاتر لە 15% بەرزببێتەوە.

ئەمڕۆ 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماری نوێی پڕۆژەی “هەژماری من”ـی خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند: “خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من”.

لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەوە لە ساڵی 2023، ڕێژەی ئەو کەسانەی هەژماری بانکییان هەیە لە کوردستاندا، لە کەمتر لە 5%ـەوە بۆ زیاتر لە 15% بەرزبووەتەوە.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: “پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و زیادکردنی لق و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە. تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش هەلی کاری نوێی ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە”.

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا کۆتاییی ساڵی 2028 خزمەتگوزاریی بانکی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە”.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ڕایگەیاند: “بەردەوام دەبین لە کارکردن تاکوو خەڵک سوود لە خزمەتگوزاریی بانکیی پارێزراو و سەردەمییانە ببینن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.
 

بەپەلە

مەسرور بارزانی: داهاتووی وڵاتەکەمان لە دەستێکی ئەمیندایە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوە و دەستبەکاربوونی 25 قوتابخانە و 4 باخچەی ساوایان …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *