نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بارودۆخی داراییی نوێی هەرێم لە ڕووی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە کرابوو، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە درا کە دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بارودۆخێکی داراییی نوێ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ هاتووەتە ئاراوە کە پێویست بە پێداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەکات.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2025ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕايی ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هیواشی خواست کە حکوومەتی فیدڕاڵیش بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشیپێکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا جەخت دەکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردوو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییی فیدڕاڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دووەم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە بە دەقی یاسایی ڕوون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکان دیاری کردووە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر گرنگی ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم خەرج نەکردووە بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە ناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 ترلیۆن دینارە، بۆیە ناچار هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی ئەم خەرجییانەی ئەنجامداوە لە دوای داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشكرا لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، مانگانە بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە بە بەردەوامی وردبینی بۆ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران داواکارە لە حکوومەتی فیدڕاڵ کە شاندی دانوستانکاری هەردوو حکوومەت لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە پێشنیارێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد خرایەڕوو و پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کرد، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ی ساڵی 2021 ناگونجێت، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.
لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی لەبارەی (ڕێبەری سەلامەتی) پێشکەش کرد کە ئامانجی ئەم ڕێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کراوە.
ڕێبەری سەلامەتی؛ بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە کۆمەڵگەدا دانراون و بەپێی ئەم ڕێبەرە پێویستە لە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پڕۆژەی گەورە و بچووک پێویستە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد و دەسەڵاتيشی بە وەزیری ناوخۆ دا بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی

بەپەلە

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌م، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ دانيێل كرێبه‌ر …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *