
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامی پیرۆزبایی 55ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایاندا، رایگەیاند، بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی دەڕوانن لە بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی 55ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە: “لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و گشت ئەندامانی یەکێتیی زانایان دەکەم”.
مەسرور بارزانی رۆڵی زانایانی ئایینی بەرز نرخاند و رایگەیاند: “بە ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵی گرنگیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و زانایانی ئایینی بە گشتیی دەڕوانین لە قووڵکردنەوەی بنەما و بەها بەرز و مرۆییەکانی ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزترکردنی میانڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان”.