
بورهان عەبدولڕەحمان، کارگێڕی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، خۆی و چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، داواش دەکات ئەو کەسانەی لە 14 رۆژی رابردوو بەرکەوتنیان لەگەڵیان هەبووە بچن پشکنین بکەن.
بورهان عەبدولڕەحمان ، راگەیاند، 11ـی ئەم مانگە پشکنینی کۆرۆنایان کردووە و دوێنێ سێشەممە ئەنجامەکانی دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بوون. “ئێستاش لە ماڵەوە خۆمان کەرەنتین کردووە”.
کارگێڕی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی لە سلێمانی باسی لەوە کرد، سەرەتا نیشانەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر منداڵەکانی دەرکەوتووە کە دوو کوڕ و کچێکن. بەهۆی ئەوەشەوە بڕیاریانداوە بچن بۆ نەخۆشخانە و پشکنین بکەن.
دۆخی تەندروستیی بورهان عەبدولڕەحمان و خێزانەکەی بە گوتەی خۆیان باشە، بورهان دەڵێت “من جار جار هەناسەتەنگیم بۆ دێت، ئەوانی دیکەش تاو و سەرئێشەیان هەیە لەگەڵ ئەوەی هەستی تامکردنیان لاواز بووە”. ئەو خێزانە چوونەتە نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵام پێیان گوتوون لە ماڵەوە بن و هەرکات دۆخی تەندروستییان خراپ بوو ئەوکات سەردانیان بکەنەوە.