
لەپاش دوو سەردانەكەی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، پڕۆژەكان بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكە دەستی پێكردووە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری لە جێبەجێكردندان، چەندان پڕۆژەی تریش بڕیاریان لێ دراوە، قایمقامی پارێزگاكە دەڵێ “پڕۆژەكان هەڵەبجە دەگەشێننەوە”.
سمكۆ سالار قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، ڕاگەیاند “تەواوی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی تایبەت بە شارەوانی، لە شۆستە، ئاوەڕۆ، كۆنكریت، قیڕكردنی كۆڵان و گەڕەكەكان، كاركردن تێیاندا بەردەوامە.”
سمكۆ سالار دەڵێ “چەند پڕۆژەیەكی تری خزمەتگوزاری کۆنکریت، شۆستە، ئاو و ئاوەڕۆ لە ناحیەكان لەبواری جێبەجێكردن دان.”
گوتیشی “چەند پڕۆژەی تری خزمەتگوزاری لەلایەن پارێزگاوە ڕاگەیەندراون، ئێستا لە تەندەردان، پاش تەواوبوونی ڕێكارەكان، دەست بە جێبەجێكردنیان دەکرێت، ئەوانیش لە بوارەكانی ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆكانن.”
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەیشی دا “تەواوی ئەو پڕۆژانەی تەندەریان تەواو بووە، كۆمپانیاكانی جێبەجێكار كاریان تێدادەكەن، كاركردن لە پڕۆژەكانی هەڵەبجە، ڕێڕەوی خۆیان وەرگرتووە.
پڕۆژەكان بۆ هەڵەبجە زۆرباشن و بە پارێزگاکەوە دیارە، لەپاش سەردانەكانی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بۆ هەڵەبجە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەردەوامە، گەشەپێدانی هەڵەبجە پێویستی بە پڕۆژەی بەردەوامە.”
“هەڵەبجە ناوچەیەكی گەشتوگوزارییە، گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزاری دراوە، بەڵام پێویستی بە زیاتر هەیە، بۆ ئەوەش پلانی كاركردن بۆ گەشەپێدانی گەشتیارییمان هەیە.” سمكۆ سالار وای گوت
زیاتر دەڵێ “هەردوو پڕۆژەی ڕێگا و پردی تووەقووت و سایلۆی هەڵەبجە، دوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی پارێزگای هەڵەبجەن، سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی بەردی بناغەی بۆ دانان، ئێستاش كاریان تێدا بەردەوامە و بۆ هەڵەبجە زۆر گرنگن.”
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە