
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16|6|2020 له‌به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه هاووڵاتییه‌ك لە ناڕەزایەتی بە ڕێگەنەدان بە دانانی عەرەبانەکەی لەلایەن شارەوانییەوە، نه‌وتی كرد به‌سه‌ر خۆی و چوار منداڵی و هه‌وڵیان داوە خۆیان بسووتنێنن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیس و هاووڵاتیانه‌وه ڕێگرییان لێ كراوە.
ڕائید بارزان عوسمان، گوته‌بێژی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، روونكرده‌وه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوی كرده‌وه و ڕای گه‌یاندووە: “هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی (ع.م) كه ته‌مه‌نی (48) ساڵه و دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه‌یه، داوای شونێكی كردووه، كه له‌ناو بازاڕی هه‌ڵه‌بجه پێی بدرێت، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌وه داواكه‌ی ره‌ت كراوه‌ته‌وه، چونكه شوێنه‌كه زیاده‌ڕۆییه و تا ئێستا دوو كه‌سیتر له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه دراونەته دادگا و دۆسییه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه”.
گوتیشی: “ئه‌و هاوڵاتییه چوارمنداڵی له ماڵه‌وه هێناوە و به‌بێ ئاگاداریی خۆیان و له‌به‌رده‌م شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه نه‌وتی به خۆی و منداڵه‌كانی خۆیدا کردووە، داواكاری ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی پێ نه‌درێت ئاگریان تێ به‌ر ده‌دات، دواتر له‌لایه‌ن هاووڵاتیان و مه‌فره‌زه‌ی پۆلیسی شاره‌وانی و یاریده‌ده‌ری ئاسایشی هه‌ڵه‌بجه‌وه ڕێگرییان لێ کراوە”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: “منداڵه‌كان و ئه‌و هاووڵاتییه له بنكه‌ی پۆلیسه‌وه ڕه‌وانه‌ی ماڵی خۆیان ده‌كرێنه‌وه و كۆتایی به كێشه‌كه هاتووه”.