
بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ڕێواز فایەق كارێكی نایاسایی كردووە و شارەزایەكی یاساییش دەڵێت، ئەو كارە بە ئەنقەستە، ئەی سەرۆكی پەرلەمان ناڵێت پلەكەم پڕۆفیسۆرە.
، دلاوەری سەید سەباح پسپۆڕی یاسایی ،ڕاگەیاند، ئەو كارەی سەرۆكی پەرلەمان كردی، كارێكی تەواو نایاساییە و نازانم چۆن پلەی پسپۆڕی هەیە لە یاسا، دڵنیام فێڵێك لەو بابەتە هەیە و كارێكی تر لە پەنای ئەو بڕیارە دەكرێت.
ئەو شارەزایەی یاسا گوتی، بەپێ پێرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە و هەڵگرتنی پارێزبەندی نییە، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندی پێوستی بە دانیشتنێكی تری پەرلەمانە، دەبێت زۆرینەی بەشداران دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەكەی بدەن.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی دەیڵێم قسەی من نییە، بەڵكو لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە مادەی 18 ئەو دەسەڵاتانەی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری كراوە كە 14 دەسەڵاتی هەیە، پێویستە بیخوێنێتەوە و ئەگەر پێویستیش بێت، ئەوا من بە ئیمەیڵ دەقەكەی بۆ دەنێرم.
ئەوەشی ڕوون كردەوە، ئەو كارەی سەرۆكی پەرلەمان هێندە نایاساییە، دڵنیام ئێستە عەدنان مفتی و كەمال كەركووكی و جەعفەر ئیمینكی بەو كارە پێدەكەنن و شانازی بەسەردەمی زێڕینی خۆیان دەكەن.
حەوتی ئایاری ئەمساڵ، بەهۆی ئەوەی چەندان درۆ و تۆمەتی هەڵبەست و بەڵگەی ناڕاستی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، سۆران عومەر درایە دادگا و لە پەرلەمانی كوردستانیش بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر درا.
ئێستە لە ترسی ئەوەی نەچێتە بەردەم دادگا و تاوانەكانی تری لێ ئاشكرا نەبێت، سۆران عومەر پەنای بۆ لاهوور جەنگی بردووە، تا گوشار بكات و سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەڵبوەشێنێتەوە، لەكاتێكدا ئەوە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی شوورایە ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە كە ئاخۆ رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی هەیە یا نا.