
کرمانج حسین مصطفی
سەركردەیەكی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرچاوەی نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستانن و بەهۆی ئەو كارەی ئەوانەوە، هەموو ڕۆژێك كورد باجەكەی دەدات.
دکتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕاگەیاند: “گرووپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆكتۆبەر لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، کارێکی ھێندە ھەڵەیان کردووە، ئێستا کوردی کەرکووک وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو سەیر دەکرێت، ھەروەها کورد لە بەغدا پێگەی لاواز بووە و بەھۆی ئەو خیانەتەوەوە کورد سەنگ و قورساییەکەی جارانی نەماوە“.
جەختیشی كردەوە كە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بارودۆخی کەرکووک و ھەرێمی کوردستان، ئاڵۆزی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەڵام ”گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانی کوردستانن، ئەگەر ئەو خیانەتە نەبوایە، سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا لاواز نەدەبوو، هەروەها کورد ئێستا بە شێوازێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، نەوەکوو بەم شێوەی ئێستا کە کورد بە لاوازی دەبینرێت”.
ئەو سەركردەی پێشووی گۆڕان داوا دەكات هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە ئاراستەی یەكڕیزی هەنگاو بنێن، تاوەكوو چیتر كارەساتی گەورەی وەك خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر دووبارە نەبێتەوە، چونكە ”ناکرێت گرووپێكی دیاریکراو ھەموو کوردستان بکات بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەوە ھەڵەیەکی گەورەیە و بۆ ئایندە گەلی کورد ڕووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەکەنەوە”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە