
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بە پڕۆژەی “هەژماری من” كرد و گوتی، لەگەڵ خاوەن پایە كاك مەسروور بارزانی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆمان كردووە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە میانی بەشداریی لە حەوتەمین گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا، باسی لە پڕۆژەی “هەژماری من” كرد و گوتی، “بەهۆی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانییەوە، تەوتین و پڕۆژەی ‘هەژماری من’ زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن.”
ئەو گوتی، “بەمدواییانە پێش ئەوەی بچمە ئەمەریكا، لەگەڵ خاوەن پایە كاك مەسروور بارزانی كۆ بوومەوە و زۆر بابەتمان تاوتوێ كرد، هەژماری من یەكێك بوو لەوانە و بە وردی بۆی باس كردم.”
بافڵ تاڵەبانی پێدەچوو حەز بكات لەسەر ئەو كۆبوونەوەیەی لەگەڵ مەسروور بارزانی كردوویەتی زیاتر قسە بكات، بۆیە درێژەی دەدا بە قسەكانی گوتی، مەسروور بارزانی بڕیاری داوە تیمێكی پڕۆژەی “هەژماری من” ڕەوانەی سلێمانی بكات تا لەوێ گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆڕە ئابوورییەكانمان بكەن و بڕوا و متمانەمان لەسەر پڕۆژەكە بۆ دروست بكەن.