
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی رێگریکردنی سوپای عێراق لە جووتیارانی کوردی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: “ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەورووبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.”
روونیش کراوەتەوە: “ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.”