
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە – هەولێر لە داهاتوودا تاوتوێ کرا.
جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بەحرەین، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەنديی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەنديی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازيی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.