نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / پارتی: شۆڕشی ئەیلوول لە كاتی پیلانگێری و ناپاکییەکانیش سازشی نەكرد و سوورتر بووە لەسەر جۆشدان گەیشتن بە ئامانجەکانی

پارتی: شۆڕشی ئەیلوول لە كاتی پیلانگێری و ناپاکییەکانیش سازشی نەكرد و سوورتر بووە لەسەر جۆشدان گەیشتن بە ئامانجەکانی

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان،  له‌ ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول په‌یامێكی بڵاو كردەوە  رایده‌گه‌ێنێت: دەستپێكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لەو سەردەمە دژوار و سەختەدا، بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، سەلماندیشی کە ڕەگوڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیھێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین.

لە بەشێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی: شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەک جووڵانەوەیەکی سیاسی تایبەتمەندی خۆی ھەبوو، چونکە تەنیا سیاسی و چەکداری نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و فیکری و ڕۆشنبیری بوو، هەروەها ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە: ھەروەھا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک و ھەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزھەبیەکانی ڕووخاند و تەواوی گەلی کوردی لە چوارچێوەی ھێزی بەرھەڵستکاری دژ بە دیکتاتۆریی و ملھوڕی یەکخست.

دەقی  په‌یامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەمڕۆ (63) ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر پێشڕەوی پارتیمان ھەڵگیرسا و مێژوویەکی نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تۆمارکرد.

دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لەو سەردەمە دژوار و سەختەی ئەوسا بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەرئەوەی وەک پێویستییەکی مێژوویی و دیرۆکی بەرپابوو، ھەروەھا شۆڕش سەلماندی، کە ڕەگوڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیھێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەک جووڵانەوەیەکی سیاسی تایبەتمەندی خۆی ھەبوو چونکە تەنیا سیاسی و چەکداری نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و فیکری و ڕۆشنبیری و پێگەیاندن و تەندروستی و دروستکردنی بڕوابەخۆبوونیش بوو، بۆیە خاوەن مۆرکێکی جیاواز بوو بەجۆرێک دڕکی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەھامەتی دا و، ترووسکایی ئاسۆی بەدیھێنانی مافەکانی گەلەکەمانی لێ بەدیکرا.

دەنگ و پەیامی شکۆداری شۆڕشی ئەیلوول ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرە ئایین و نەتەوەیی کوردستانی و کولتووری شۆڕشگێڕی کوردایەتی و ڕەسەنایەتی بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێکی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگەیشدا قوربانییەکی بێشووماری پێشکەش بە خاک و نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.

بەرنامە و داواکاری و خواستی شۆڕشی ئەیلوول ھەمیشە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و ھەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لای نەداوە و نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکییەکان سازش و سڵی نەکردووە، بەڵکوو سوورتربووە لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی و ئابووریی و کولتووری ھۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانی.

لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی ئەیلوول وەک ڕووداوێکی گرنگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیھانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک ھێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠.

ھەروەھا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک و ھەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزھەبیەکانی ڕووخاند و تەواوی گەلی کوردی لە چوارچێوەی ھێزی بەرھەڵستکاری دژ بە دیکتاتۆریی و ملھوڕی یەکخست.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک ھەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی ھەماھەنگی و ھاوگوتاری سیاسی و ھاوھەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی ھەرێم و دەسکەوتەکانمان.

لەم یادە پیرۆزەدا لە سەروبەندی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە کە بڕیارە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، لەلایەکی ترەوە داواکارین و بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین، بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسیی و ئیدارییەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان.

لەم دەرفەتەدا جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر سیاسەتی دروست و واقعبینانەی سەرۆک (مەسعود بارزانی) و پارتیمان کە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و ھاوسەنگیی و دەستێوەرنەدان بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیرییە بۆ ھەموو لایەک.

لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ھەمدیسان بەڵێن و ئەمەکداری بۆ خوێن و گیانی شەھیدە نەمرەکانمان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەر ھەمان ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان پێکەوە و بە خۆڕاگرییەوە بەردەوام بین.

لەم یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

سڵاو لە بیرەوەری(63) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
ھەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش ھەر ئاوەدان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەپەلە

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *