
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 07-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەردی بناغەی پۆندی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر دانا و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی زانکۆکەی کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “کردنەوەی ئەم زانکۆیە، کردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانکۆکانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی کوردستان”.
کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی کرد “کاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە بوارەکانی، کەلتووری، زانستی و ئابووری”.
وەبەرهێنان لەسەر گەنجانی هەرێمی کوردستان
بە گوتەی سەرۆکوەزیران “وڵاتەکەمان لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی دەوڵەمەندە و کۆمەڵگایەکی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەکانمان بکەین و پێیان بگەیەنین تاوەکوو کارامەتر لە بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر لە وڵاتەکەمان بەشدار بن”.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە “یەکێک لە ڕێگاکانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناکانیشیان، پێگەیاندنیانە، لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە؛ بۆیە بە کردنەوەی هەر زانکۆیەکی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەکی گەشتر زیاتر دەبێت”.
مەسرور بارزانی پێیوایە زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەولێر، “کاریگەریی و جێدەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی کارامە دیار دەبێت. دەرچووانی ئەم زانکۆیە، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان، لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵاتدا دەبیننەوە”.
توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژەی بەوە کرد “کاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان لە دانانی پلان و بەرنامەکانمان بۆ داهاتوو”.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد لەوەتەی بووەتە سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “هەستم بە کەموکورتی کردووە، لە زۆر بواردا لێکۆڵینەوە و زانیاریی و داتای ورد لە بەردەست نییە؛ بۆیە لەمەودا پێویستە زانکۆکانمان هاوکارمان بن و بناغەی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییە پێشکەوتووەکانی دەرەوە دابنێن، تاوەکوو لە بوارە جیاجاکانی پێویست وەکوو کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و کەشوهەوا لێکۆڵینەوەی هاوبەش بکەن. زانکۆکانی بەریتانیاش لەم ڕووەوە ئەزموونێکی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانکۆیەش دەتوانێت پردێکی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە”.
پۆندی زانکۆی بەریتانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی زانکۆی بەریتانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر بکاتەوە، بەردی بناغەی پۆندێکی لە سنووری زانکۆکە دانا. بێجگە لەمەش ڕووبەڕێکی بەرفراوانی زانکۆکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە.
مەسرور بارزانی گوتی، “ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشین و نیشانەی ئەوەیە بەڕێوەبەرانی ئەم زانکۆیە لە خەمی ژینگەدان و بە پێی توانا و بەرپرسیارییەتیی خۆیان، کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن”.
سەرۆکوەزیران هیوای خواست، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆیان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئالنگارییە ژینگەییەکان بگێڕن. گوتیشی: ئومێدەوارم، قوتابییانی ئازیزمان لەم زانکۆیە و گشت زانکۆکانی دیکەمان، هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن، کە ئەم زانکۆیانە بۆیان دەرەخسێنن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زانست و فێربوونەوە توانەکانیان بەرز بکەنەوە، تاوەکوو بتوانن کاریگەرتر خزمەتی کوردستان و نیشتمانەکەیان بکەن و نموونەیەکی گەش و باڵای پاشەڕۆژی کۆمەڵگەکەمان بن.