
دەسەڵاتدارانی توركیا ئاشكرایان كرد، بەرپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستانیان لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسایشیدا لەنێو شاری سلێمانی لە چالاكی خستووە.
”لە چالاكی خستن“، دەستەواژەیەكە لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بەكار دێت، وەك ئاماژەیەك بۆ (كوشتن، برینداركردنێكی قورس یان دەستگیركردن)ی هێزەكانی نەیاری خۆیان كە بە گشتی بەرامبەر بەرپرسانی پەكەكەش بەكاری دەهێنن.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا كە لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویان كردۆتەوە، هەواڵگریی توركیا توانویەتی چالاكییەكی ئاسایشی لە شاری سلێمانی لە دژی (ئەردینگ بولگال)، یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە ئەنجام بدات و لە چالاكی بخات.
بەپێی هەواڵەكە بێت، بولگال بەرپرسی راهێنانی ئایدۆلۆژی و سەربازیی چەكدارانی پەكەكە بووە و بە مەبەستی ئامادەكاری بووە بۆ ئەوەی كردەوەیەك لە كەركووك ئەنجام بدات، بەڵام ”لە لایەن دەزگای هەواڵگریی توركیاوە، خۆی و ئەو كەسانەی لەگەڵیدا بوون، چاودێریی كراون.“