نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە خەرج دەکرێت

مەسرور بارزانی: ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە خەرج دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک-ی لە دهۆک دانا و دواتر گوتارێکی پێشکەشکرد. 

مەسرور بارزانی گوتی: “ئەمڕۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان ئاریشەیەکی گەورەیە، سەرەڕای پێشکەوتن لە بواری تەندروستی، بەداخەوە هەموو ساڵ ئەگەر و فاکتەری جیاواز و گۆڕانکاری ژینگەیی و شێوازی ژیان و خواردن، هەروەها زوو دەستنیشان نەکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشی شێرپەنجە ملیۆنان کەس گیان لەدەستدەدەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە کردنەوەی سەنتەرەکە بۆ ئەوەیە کە “هاووڵاتییانی خۆشەویست لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیان بەوە نەبێت نەخۆشەکانیان ببەن بۆ دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکەی کوردستان”.

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستەڕوو: “لە هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری شێرپەنجە هەن، کە مانگانە بە هەزاران کەس بۆ چارەسەر سەردانیان دەکەن. زۆر لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقیش سەردانی ئەو نەخۆشخانە و سەنتەرانە دەکەن”.

روونیشیکردەوە، “لە هەرێمی کوردستان ئێمە یاسایەکی تایبەتمان هەیە بۆ سندووقی هاوکاری تووشبووانی شێرپەنجە، لە رێگەی ئەو سندووقەوە ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی شێرپەنجە دابین دەکرێت”. 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی رێزدار

رۆژباش 

من ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە بەردی بناغە بۆ ئەم سەنتەرە گرنگە لە شاری دهۆک دادەنێین، کە یەکەمین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە لە شاری دهۆک، یەکەمجارە ئەو خزمەتگوزارییە لێرە دابین دەکرێت ئەویش چارەسەرکردنی شێرپەنجەیە بە تیشک، کە پێی دەگوترێت LINAC Radiotherapy، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیان بەوە نەبێت نەخۆشەکانیان ببەن بۆ دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکەی کوردستان.

هیوادارم ئەو پڕۆژەیە لە وادەی دیاریکراو و بە کواڵێتی باش و ئاستێکی بەرز تەواو بکرێت، جێی خۆیەتی سوپاسی کۆمپانیای ئیگل کراون بکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کە ئەرکێکی پیرۆزە، ئومێد دەکەم سوودی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان هەبێت.

ئەمڕۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان ئاریشەیەکی گەورەیە، سەرەڕای پێشکەوتن لە بواری تەندروستی، بەداخەوە هەموو ساڵ ئەگەر و فاکتەری جیاواز و گۆڕانکاری ژینگەیی و شێوازی ژیان و خواردن، هەروەها زوو دەستنیشان نەکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشی شێرپەنجە ملیۆنان کەس گیان لەدەستدەدەن.

لە هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری شێرپەنجە هەن، کە مانگانە بە هەزاران کەس بۆ چارەسەر سەردانیان دەکەن. زۆر لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقیش سەردانی ئەو نەخۆشخانە و سەنتەرانە دەکەن. بێگومان چارەسەری تایبەت بە شێرپەنجە خەرجی زۆرە، بۆیە لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا زۆر دام ودەزگا و رێکخراوی خێرخوازی و کەسایەتی هاریکاری و پشتیوانی مادیی سەنتەرەکانی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان ئێمە یاسایەکی تایبەتمان هەیە بۆ سندووقی هاوکاری تووشبووانی شێرپەنجە، لە رێگەی ئەو سندووقەوە ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی شێرپەنجە دابین دەکرێت.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان، تواناکانی پزیشکی و زانستی و هەر خزمەتگوزارییەکی دیکەی پەیوەندیدار بە چارەسەری شێرپەنجە بەردەستن، ئێمە لەو بوارە بەردەوام دەبین و کار، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو خزمەتگوزاریانە بەردەوام بن، لێرەوە پێویستە دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی و سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و تەواوی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە و هەموو پزیشک و کارمەندانی ئەو بوارە بکەم، من رێز و حورمەتم هەیە بۆ ئەرک و ماندوبوونی ئەوان.

ساڵانی رابردوو چەندین قەیران هاتنە پێش وەک کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەپێی توانا داراییە بەردەستەکان بەردەوام هەوڵی دەدا خزمەتگوزاری تەندروستی بەرەو پێشەوە ببات، داواش لە حکومەتی عێراق دەکەین لە رووی دابنینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی زیاتر هاوکار و هاریکار بیت بۆ حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.

من هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی و پێشکەشکردنی چارەسەری و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان، هەروەها داوا لە رێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و کەسایەتییە خێرخوازەکان و هەر دەستپێشخەرییەکی مرۆڤ دۆستانە دەکەین، کە هاوکاری و پشتیوانی تووشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی چارەسەری ئەو نەخۆشییە بکەن.

داواش لە هاونیشتمیانی رێزدار دەکەین بۆ سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان رێنماییە لەبەرچاوبگرن و ژیانێکی تەندروست و خواردنێکی شایستە و تەندروست بۆ خۆیان هەڵبژێرن، پاراستن و خاوێنی ژینگە بپارێزن، بەشێوەیەکی رێکخراو وەرزش بکەن و زوو زوو پشکنین بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەکات ئاریشەیەکی تەندروستیتان هەبێ زوو دیاری بکرێت و چارەسەر بکرێن.

لە کۆتاییدا هیوای سەلامەتی بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجە دەخوازم، هیوادارم زوو چاک بنەوە، دڵنیایان دەکەمەوە هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ چارەسەر و هاوکاری ئەوان درێغی ناکەین.

هەر شاد و تەندروست بن و کوردستان هەر ئاوەدان بێت

بەپەلە

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *