
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسى بەشى پێوەندییەکانى مەکتەبى ڕێکخستنى کەرکووک – گەرمیانى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نوسینێکدیە دەڵێ، بەینۆ بەینۆ بەینۆ، هاوین کەپرێ دەکەینۆ، زستان تێکی دەدینۆ، لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە لە پڕێکا بووە کوڕێک و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، دەڵێت، مانگی دوو ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن چونکە دنیا ساردە و بەفر دەبارێت، نامانەوێت عەزێتی خەڵک بدەین.
دەشنوسێت: جا قوربان ئەگەر کەش و هەوا بکەینە پێوەر بۆ هەڵبژاردن، هاوینی ئەم وڵاتە زۆر گەرمە کێ تاقەتی هەڵبژاردنی هەیە، پایزانیش تەپ و تۆز و ڕەشەبایە خۆ ناکرێ دەنگی خەڵکی سلێمانی و ئەو دەنگانەی لە کۆگای ئەلبیسەکان دەستکاری دەکرا بدرێتە دەم ڕەشەباوە، ئەوەی ئەمێنێتەوە بەهارە هەم جەوەکەی خۆش و فێنکە هەم سەری ساڵی کوردییە بەڵام دەی خۆ ئەگەر بە پێوەری ئێوە بێت خۆ ناکرێ گەشت و سەیران لە خەڵکی تێک بدەین و بڵێین هەڵبژاردنە، دەی بەخوا بڵێ با هەڵبژاردن نەکرێت و هەروا بمێنێتەوە چونکە باش دەزانن لە ئێستاوە باڵ و لق و پۆی زۆرتان بۆ درووست بووە و لە ئەنجامی دەنگی خەڵک دەترسن نەک عەزێت و ئاسوودەیی خەڵک
هەڵبژاردن مافی خەڵکە و دەنگی خەڵک پیرۆزە و ناتوانن بە بیانووی جیاواز ئەم مافە لە خەڵک بسەننەوە، بۆیە هەڵبژاردن دەکرێت و لە کۆتایدا خەڵک بڕیار دەدات لەسەر چارەنووسی خۆی، ئێوەیش هەر دەبێت بڵێن، بەینۆ بەینۆ بەینۆ، هاوین کەپرێ دەکەینۆ، زستان تێکی دەدینۆ.