
یەکێتی سەلماندی کە دژی هەڵبژاردنە. تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان لە بڕیاری جەماوەر بە دوور بگرن، تەنانەت سکاڵا لە دژی سەرۆکی پەرلەمانێک تۆمار دەکەن، کە بەر لە هەمووان نوێنەری حزبەکەیانە. ئەوان هیچ سنوورێکی شەرم و حەیا و بەرژەوەندییەکی نیشتمانیان نەماوە، بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات و خۆ سەپێنی، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر.
یەکێتی خەریکە وەک … دێز لە رقی خاوەنەکەی دەچێتە سەر هەڵدێرێک و خۆی هەڵدەدێرێت. هەمیشە بانگەشەی دیموکراسی و مافی خەڵک و باوەڕ بوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، گوتەی سەرزار و بنزاری یەکێتییە، بەڵام لە ترسی بنەما دیموکراسییەکان و دەنگی ڕەوای خەڵک، لە دەرگای هەموو ناکەس بەچەیەک دەدەن و قومار بە هەموو شتێک دەکەن.
حزبێک کە ئەوەندە ترسی لە دەنگی خەڵکە و دەزانێت، تەنانەت ئەندامە دڵسۆزەکانیشی باوەڕیان پێنەماوە، حەقە تۆزقاڵێک شەرم بیانگرێت و بەخۆیان دابچنەوە. لەبڕی زەوتکردن دەنگی خەڵک با بیر لە فرمێسکی دایکی شەهیدەکانی خۆیان بکەنەوە، کە ئاخۆ بۆ ئەوەی چەند هەڵپەرست و قومارچی و دەرمانخۆرێک خۆیان باوێنە سەر ملی خەڵک و داخوازییەکانیان، خوێنی کوڕەکانیان کردە قوربانی، بەڵام ئەفسووس هەموو شتێک لە هەبوون دەڕوات، کە حەیا و شەرم نەبێت، سڵ لە چی دەکەنەوە کە لێیان بڕوات و بە بادا بچێت.
یەکێتی هەرچییەکی ویست لە ساڵی رابردوو، پارتی و فراکیسیۆنەکانی دیکە کردیان، تەنیا بۆ ئەوەی بیانوویەکیان لەبەر دەست نەمێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام خۆیان سەلماندیان، کە هەموو بیانوویەکانیان درۆیەکی فیشاڵ بوو بۆ خۆ دەربازکردن لە رەئی خەڵک و خواستی خەڵک.
ئەوان لە هەموو کەس باشتر دەزانن چ خراپە و خیانەتێکیان کردووە، بۆیە لە هەموو کەسیش باشتر دەزانن، چۆن میللەت لە هەڵبژاردن تۆڵەی هەموو فرمێسک و ئازارەکانی چەند ساڵی رابردوویان لە یەکێتی دەکەنەوە.
هەرگیز و هەرگیز یەکێتی جارێکی دیکە ماف و حەقی ئەوەی نییە باس لە دیموکراسی و رای خەڵک بکات، ئەوان سادەترین مافی میللەت قبوڵ ناکەن، چۆن دەتوانن ببنە نوێنەری خەڵک.
رۆژانە هەزارن بیانوو بە ناوی خەڵکی سلێمانی دەهۆننەوە، بەڵام خۆیان دەزانن چەندە دزی و فزی و گەندەڵیان کردووە، چەند سلێمانی و سلێمانییەکانیان بێناز و بی هیوا کردووە، بە کردەوە خراپ و خیانەت و گەندەڵییەکانیان. بۆیە بەر لە هەمووان لە رەئی و دەنگی سلێمانییەکان دەترسن.
یەکێتی هەمیشە باسی پێشکەوتنخوازی و یەکسانی دەکات، بەڵام ئیدی ئەو باڵۆنەی درۆیەشیان فس دەبێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستای یەکێتی بۆ پاراستنی دزی و درۆ و دراوی تاقمێکی بەلاڕێدا چوو، نەک هەر رێگە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا و بنەما دیموکراسییەکان دەکەن، بەڵکو قومار بە بوون و مێژووی خۆیان و خەڵک دەکەن. ئەوان رۆژ بەرۆژ بە شەرمەزاری و شکست و خیانەت و درۆ دراوەکانیان، بەر لە هەر لایەک، مێژووی خۆیان و قوربانییەکانیان دەکەنە پەڕەی شەرمەزاری و کەوتن و گلان
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە