
هەورامییەکان لە ناحیەی بیاره گرد بوونەوەیەکیان ساز کرد و دەڵێن، بەرپرسانی سنوورەکە کەمتەرخەمن، بەتەواوەتی هەورامان پشتگوێ خراوە، تاکوو ڕۆژی شەممەی داهاتوو وەڵام نەدرێینەوە گردبوونەوە دەکەین و ڕێگای مەرزی شۆشمێ-تەوێڵە دادەخەین.
ئیسماعیل هەورامی، چاودێری سیاسی و ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەورامان،ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ لە ناحیەی بیارە کۆ بووینەوە تاکوو پەیام بە دەسەڵاتی سنوورەکە بدەین، هەورامان بە دەست کۆمەڵێ کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێ، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە”.
هەورامی دەڵێ: “ڕووی دەممان لە بەرپرسانی ئەم سنوورەیە کە لە ڕووی ئابووری و بەڕێوەبردن و ئەمنییەوە بەرپرسن، با بێن بە دەم داواکارییەکانمانەوە، تەنها ماوەی یەک هەفتەمان پێ داون، ئەگەر وەڵامان نەدەنەوە و ئەو خاڵانەی دیاریمان کردوون بۆ هەورامانی جێبەجێ نەکەن، ئەوە مانگرتن ڕادەگەیەنین و دەروازەی بازرگانیی شۆشمێ-تەوێڵە دادەخەین کە داهاتەکەی نە دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت و نە خەڵکی هەورامان سوودی لێ دەبینن”.
سەنعان فایەق، بەرپرسی تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵیش گوتی: “بەرپرسانی سنوورەکە زۆر کەمتەرخەمن، هەورامان پشتگوێ خراوە، دانیشتووانی گوندەکانمان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و گوێنەدان بە داواکارییەکانمان ساڵ بە ساڵ گوندەکان چۆڵ دەکەن، ئەمەش بە مەترسی دەزانین بۆ هەورامان و وایشی دەبینین بە بەرنامە وا لە هەورامان و هەورامییەکان بکرێت”.
فایق گوتیشی: “ئەوەش گوێبیست بووین داهاتی ڕۆژانەی مەرزی شۆشمێ-تەوێڵە ناگەڕێتەوە بانکی هەرێم و کەس نازانێت چی بەسەر دێ، ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا وەڵامی بەیانە حەوت خاڵییەکەمان نەدرێتەوە، ئەوە لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەکەین.”
هەر لەم بارەیەوە، هەڵاڵە لهۆنی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لە هەورامان کێشەی کەرتەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی و ڕێگاوبان و زمانەوانیمان هەیە، هەموویشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسە حزبی و حکوومییەکانی کانی ئەم سنوورە”.
لهۆنی دەڵێت: “هەورامان خاوەنی مەرزی شۆشمێیە و هۆشداری دەدەین ئەگەر بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەیەن، مەرزەکە دادەخەین و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگرین”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە