
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ڕەخنەی توند لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە لەنێو ئەو حزبەدا یەكترقڕكردن و تیرۆر و هەڕەشەكردن و پۆست بەخشینەوە، جێی سزا و پاداشتی گرتۆتەوە.
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خاڵی سەرۆكی یەكێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”پێویستە فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوەکانی عێراق بە وردی پێداچوونەوە بە بڕیار و هەنگاوەکانی ئەم دواییەی یەکێتی بکات، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەم هێزە لە کوێی حزب و ڕێکخراودایە؟ چۆن دەبێت حزبێک خاوەنی ئەو هەموو فەزاحەتە بێت، کەچی هێشتا مۆڵەتی کارکردنی لێ نەسەندرابێتەوە؟“
هاوكات ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە داوە كە ”تۆمەت و چەواشەکاری بوزنەتە سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی حزب (مەبەستی یەكێتییە)، یەکتر قڕکردن و تیرۆر و هەڕەشە و پۆست بەخشینەوە و شەراکەتی بازرگانی، بوونەتە سزا و پاداشت، لەبری پەیڕەو، میزاجی شەخش کار دەکات، لەبری مەکتەبی سیاسی، دوو سێ پەیجی سێبەر بڕیار دەدەن،،سەرکردایەتیش باسکردنی هەر عەیبەیە!“
بە بڕوای هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ژیانی حزبایەتی لەنێو یەکێتیدا کۆتای هاتووە، ”دۆخێک خوڵقاوە کە کەس نازانێت حزبایەتی چییە و لەسەر چ بنەمایەک کار بکات و ڕوئیای چی بێت؟ کەس نازانێ کێ ئەندام و کێ کادیرە؟ کێ لێپرسراوی کۆمیتە و کێ لێپرسراوی مەڵبەندە؟ یەکێتی وەک حزب مردووە، بەڵام وەک هێزێکی بێ کاریگەری و دەستوپێ بەستراو، هێشتا ماوە.“
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە