
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە عەنکاوە لەگەڵ سەرۆکی هەنگاریا گوتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر گرنگیپێدانی کەرتی پەروەردە کردەوە وەک کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە (10ی کانوونی یەکەم/دیسێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پاڵپشتییەکانی حکومەتەکەی کردەوە بۆ زیاتر قوڵکردنەوەی ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی ئەو کریستیان و ئیزدییانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرەوە لە دەشتی نەینەوا هەڵهاتوون.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی عێراقی و سووری کردووە، پارێزگاری لێکردوون و شوێنێ حەوانەوەی بۆ دابینکردوون، کە ئەم هەنگاوەشی بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زەحمەت وەسفکرد.
مەسرور بارزانی سوپاسی ئامادەبوونی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریاشی کرد و گوتی، “هەنگاریا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە عەنکاوە کرد، کە بووەتە کۆمەڵگەیەکی گەشاوە بۆ پێکەوەژیان و بووەتە نموونەی بڵاوکردنەوەی پێکەوەژیان و ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە.
لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە رۆڵ و هاوکارییەکانی حکومەتی هەنگاریا کرد و جەختی لەوەکردەوە، گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێزتر.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هەموو هەنگاوێک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە دووپاتکردەوە و خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا کە دوو رۆژ لەمەوبەر بەشداری کردووە لە دانانی بەردی بناغەی زانکۆیەکی نێودەوڵەتی بەریتانی لە هەولێر.
سەبارەت بە گرنگی زانست و پەروەردە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، زانست و پەروەردە بزوێنەر و بناغەی پێشکەوتنی وڵاتەکەمانن بۆ هەنگاونان بۆ ئاییندەیەکی باشتر.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرنگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا ئەنجامی بدەین، بۆئەوەی بەشێوەیەک پەروەردەیان بکەین تاوەکو لە داهاتوودا لە بازاڕی کاری ناوخۆ و دەرەوەدا رکابەری بکەن بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرفەتی کار.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە دامەزراندنی دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد، وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ سەرۆکی هەنگاریا لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە و گوتی “دڵنیاتان دەکەینەوە وەک پابەندی حکومەت کە پارەکەتان بە باشی خەرجکراوە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە