
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. بڵاوی کردەوە: “لە پاش دەرچوونى یاسای چاکسازی ژمارە دووى ساڵى 2020،پێویستە ناوی سەرجەم زیندانییانى سیاسی ووردبینی و پێداچوونەوەى بۆ بکرێت و بە فلتەرى لیژنەکانى چاکسازیدا تێپەڕببن و پشتڕاست بکرێنەوە.”
ئەوەش هاتووە: “هەر بەپێی یاساى چاکسازى هەر زیندانێیەکى سیاسی لەپاش 10 ساڵ بۆى هەیە یەک مووچە یان مینحە وەربگرن، واتا ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێ ناتوانێت ئەو مینحەیەى زیندانى سیاسی وەربگرێت، لە پاش وەرگرتنى ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران و پشتڕاستکردنەوەیان تەنها بۆ ئەوانە خەرج دەکرێت کە هیچ مووچە و منحەى تریان نییە.”
وەزارەتەکە لە بارەی دەنگۆی هەبوونی ناوی وەزیری دارایی لە دوا قۆناغی لیستی ناوی پشتڕاستکردنەوەی زیندانیان ڕایگەیاندووە: “شیاوى باسە ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانەى کە ماوەیەکى تەمەنى لە زیندانەکانى بەعسدا بەسەر بردووە، ئەو هەواڵە چەواشەکارانەی کە بڵاوکراوەتەوە دوورن لە ڕاسیتییەوە و بەڕیزیان هیچ مووچەیەکى زیندانى سیاسى وەرناگرێت.”