
سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرێكی ناسراوی كوردستان رای دەگەیەنێت، ڕیفراندۆم كۆتایی بەوە هێنا كە داگیركەران و “ئەوانی دیكەش” مافی كورد تەفسیر بكەن.
ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر ، رای گەیاندووە: “لە پێنجەمین ساڵیادی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییدا بە دەنگی بڵندەوە تا کەشکەڵانی ئاسمان دەڵێم: ڕیفڕاندۆم کۆتایی بەوە هێنا کە چیتر داگیرکەران و ئەوانی دیکەش، مافی کورد تەفسیر بکەن”.
هەروەك ڕوونی كردووەتەوە: “ڕیفڕاندۆم بە گوێی هەموو دونیای گەیاند کە مافی کورد یەک تاکە تەفسیری کورد پەسندی هەیە کە ئەویش سەربەخۆییە”.
رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، وێڕای هەڕەشە و فشاری عێراق و چەند وڵاتێكی هەرێمی و نەیاری گەلی كوردستان، خەڵكی هەرێمی كوردستان بە كورد و عەرەب و توركمان و كلدوئاشوور و ئەرمەنی، بە موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و تەواوی پێكهاتەكانەوە، چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و لە ڕیفراندۆمێكدا كە سەرۆك بارزانی رابەرایەتی دەكرد، بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا، بەڵام دواتر هەوڵدرا بە ئاگر و ئاسن وەڵامی خواستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بدرێتەوە كە ئەگەر پێشمەرگە و بەرگرییە قارەمانەكەی نەبوایە، پیلانگێڕیی مەترسیداریان بە هاوكاریی هەندێك خیانەتكاری ناوخۆ، لە دژی خەڵكی كوردستان دەگێڕا.