
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیكەلییەی نوێی بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە داڕشتووەتەوە، لە بەرنامەشیدایە پێوەندییە دیپلۆماسییەكان فراوانتر بكات و بەنیازە لە چەندین دەوڵەتی عەرەبی نوێنەرایەتی بكاتەوە.
سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ: “پێویستە پێوەندییەكانمان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەهێزتر بكەین، ئەو حەزەش لە تەرەفی دەوڵەتانی عەرەبیش هەیە و نیازمان هەیە لە چەند وڵاتێكی عەرەبی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم بكەینەوە، تاكو ئێستاش لە هیچ وڵاتێكی عەرەبی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم بوونی نییە، بەڵام شەش وڵاتی عەرەبی كۆنسووڵخانەیان لە هەولێر هەیە، بۆیە دەمانەوێت پێوەندییەكان بەهێزتر بكەین لە بوارەكانی ئابووری و كولتووری و ئەكادیمی و ئەمنی”.
“بەرپرسانی باڵای دەوڵەتانی عەرەبی سەردانی كوردستانیان كردووە، هەروەها سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت سەردانی دەوڵەتانی عەرەبییان كردووە، بۆیە دەمانەوێت لە وڵاتانی كەنداو نوێنەرایەتی بكەینەوە، پێشنیازەكانیشمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، کە پێویستمان بە بودجەی تایبەت هەیە لەگەڵ كادری ئەكادیمی”. سەفین دزەیی وای گوت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە